سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ باسیان لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و پشتگیری خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دووپات کردووەتەوە.
سەرۆک ماکرۆن ڕایگەیاند ئێوارەی یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک ترامپ ئەنجام داوە.
ڕایگەیاند، "دەستخۆشیم لەو هەوڵە بەئیرادەیە کرد کە [سەرۆک ترامپ] پێشەنگی دەکات بۆ خێرا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا، کە گوزارشت لە دەرفەتێکی ناوازە دەکات بۆ بونیادنانی چوارچێوەیەکی نوێی ئاسایشی کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان تێیدا بەشداربن، بە مەبەستی کاراکردنی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەو هەوڵانە. گوتیشی، "ئامادەین بۆ دەستبەکاربوون هەر کاتێک ڕێککەوتنێک کرا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز. هەروەها ئامادەین شارەزایی و تواناکانمان بهێنینە ناو ئەو دانوستانە فراوانانەی کە دەبێت دەست پێ بکەن، بەتایبەتی دەربارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی."
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها ڕایگەیاند دەستخۆشی لە سەرۆک ترامپ کردووە بۆ پابەندبوونی بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان.
ماکرۆن جەختی کردەوە لەوەی فەرەنسا پێداگرە لەسەر هەوڵەکان بۆ بەردەوامی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامیدان بە پشتیوانی بەکۆمەڵ بۆ حکومەتی لوبنان.