حکومەتی کوەیت بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی دەکات

حکومەتی کوەیت بە توندی ئیدانەی ئەو شەپۆلە نوێیەی لە مووشەکی بالیستی و درۆن کرد کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتەکەی ئەنجام دران.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتی، "بە توندترین شێوە سەرۆکۆنەی هێرشە قێزەون و بەردەوامەکانی ئێران دەکەین و ڕەتیان دەکەینەوە."

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هێرشەکانی بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانا. ڕایگەیاند حکومەتی کوەیت بە مافی خۆی دەزانێت "هەر ڕێوشوێنێکی پێویست" بگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکەی.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە حکومەتی کوەیت ڕایگەیاند هێزی بەرگری ئاسمانی خستووەتە کار بۆ تێکشکاندنی چەند مووشەک و درۆنێک کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. لەگەڵ کاراکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شاری کوەیتیش چالاک کرا بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان.

هاوکات، فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی دا بەوەی هێزەکانی دوو مووشەکی بالیستی ئێرانیان تێکشکاندووە کە هێزەکانی ئەمەریکایان لە کوێت دەکردە ئامانج. سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە.

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی سەرەڕای پشتگیری کردن لە ئاگربەست، بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێران. لەو چوارچێوەیەدا، ڕایگەیاند ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە هێرشی "بەرگریکردن لە خۆ"ی کردووەتە سەر ڕادار و بنکەی درۆنەکانی ئێران لە گۆروک و دوورگەی قەشم.

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو هێرشە ئاسمانییانە لە وەڵامی کردەیەکی ئێران بووە کە تێیدا درۆنێکی ئەمەریکای لە جۆری (U.S. MQ-1) لە سنورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکەدا تێک شکاندووە.