فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماڵی هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج

ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی باپشتیان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران کەوت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هیچ وردەکارییەکی زیاتر لە لایەن حکومەتەوە سەبارەت بە سەرچاوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و مەبەستەکەی نەخراوەتەڕوو، بەڵام کرمانچ عیزەت، سەرۆکی پێشووی شارەوانی سۆران بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، وا دیارە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ئێرانەوە هاتبێت و داویەتی بە ناو ماڵی هاووڵاتییەکی ناوچەکە و زیانی بە ماڵەکەی گەیاندووە.

عیزەت باسی لەوەشکرد، ھەروەھا لە ماوەی ڕابردوودا درۆنەکانی ئێران و گرووپەکانی سەربە ئێران ھەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج.

حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی کوردستان لە مانگی چواردا سەرکۆنەکرد.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی سێدا ئاماژەی بە ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند، لە دوو هێرشی جیاوازی مووشەکی بالیستیک بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای سۆران، 6 پێشمەرگە کوژراون و 30 کەسیش برینداربوون.