ترامپ، تۆم باراک وەکو نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ عێراق و سوریا دەستنیشان دەکات

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا بەرپرسیارێتی زیاتری پێدەدرێت وەکو نوێنەری تایبەتی سەرۆک بۆ سوریا و عێراق.

سەرۆک ترامپ لە ڕاگەیاندنەکەیدا لە تۆڕی تروث سۆشیەڵ دەڵێت ئەم هەنگاوە لە کاتیکدایە کە " هاوکارییە ستراتیژییەکانمان لەگەڵ حکومەتەکانی سوریا و عێراقدا بەرەوپێش دەبەین و پەیوەندیمان لەگەڵیان بەردەوام لە گەشەکردندایە."

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆک, باراک بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و لە هەمانکاتدا ئەرکە نوێیەکانی نێردەیی خۆشی جێبەجێ دەکات. ترامپ ئاماژەی بەوەشکردووە، باراک بە پشتیوانی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاردەکات.

سەرۆک لە ڕاگەیاندنەکەیدا کارەکانی باراکی بە "ناوازە" وەسفکرد و سوپای کرد و گوتی " زۆر پێزانینمان هەیە بۆ ئەو کارانەی کە تۆم باراک کردوویەتی، و ئامادەیی بەردەوامی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات هاوکارییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق فراوان بکات و جەخت لەسەر پەیوەندی دیپلۆماسی و هاوبەشی ناوچەیی دەکاتەوە.

ڕۆژی شەممەش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، گرنگی ڕۆڵی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریای دووپاتکردەوە.

ڕوبیۆ لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند باڵیۆز تۆم باراک یەکێک بووە لە دیارترین دیپلۆماتەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و هەرواش دەمێنێتەوە.

ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە ڕوبیۆ لە پۆستێکی تریدا ڕایگەیاندبوو "کە خولی تۆم باراک وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا کۆتایی پێ هاتووە.