ترامپ: ئێران بەڵێنی داوە چەکی ناوکی نە دروست بکات و نە بشیکڕێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، ئەمەش خاڵی چەسپاوی سەرەکییە لە دانوستاندنەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەوی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ترامپ وتی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەوپێش دەچێت و ئامانجی سەرەکی ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران.

سەرۆک ترامپ وتی دڵنیایی لە تاران وەرگرتووە کە "چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت، نە دەیکڕێت و نە دروستیشی دەکات".

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە "ڕێککەوتنێکی باش" نزیک بوونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا دانوستاندنەکان بەردەوامن و تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە.

سەرۆک ترامپ لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ لارا ترامپ لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتیشی ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە دڵی ئەمەریکا نەبێت، ئەوا لە ڕووی سەربازییەوە کێشەکە یەکلایی دەکرێتەوە بەڵام جەختی لەوە کردەەوە کە خۆی پێی باشە ڕێککەوتن بکرێت چونکە "لەگەڵ مۆرکردنی ڕێککەوتن دەتوانین تەنگەکە (تەنگەی هورمز) بکەینەوە."