بنیامین نەتانیاهۆ، دەستبەسەرداگرتنی قەڵای شەقێف بە گۆڕانکاریەکی بەرچاو وەسف دەکات

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەستبەسەرداگرتنی قەڵای مێژووی شەقێف و بەرزاییە ستراتیژییەکانی دەوروبەری لە باشووری لوبنان، بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی ئیسرائیلدا وەسف کرد و ڕایگەیاند، فەرمانی داوە ئۆپەراسیۆنەکە لەو ناوچانەی کە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون قووڵتر و فراوانتر بکرێت.

نەتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، فەرمانی من ئێستا قووڵتر و فراوانکردنی کۆنترۆڵی ئێمەیە بەسەر ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە کۆنترۆڵکرابوون.

گرتنەوەی ئەو قەڵایە دوا بەدوای شەڕێکی تووندی چەند ڕۆژی لە گوندەکانی دەوروبەر و بەزاندنی ڕووباری لیتانی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هات، کە قووڵترین پێشڕەوی ئیسرائیلە بۆ ناو لوبنان لە ماوەی 26 ساڵدا.

قەڵاکە کە قەڵایەکی دێرینە و لەلایەن یونسکۆوە دانپێدانراوە و دەکەوێتە نزیک شاری نەباتیە و نزیکەی 14 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.

دوای گرتنی ئاڵای ئیسرائیل لەسەرووی قەڵاکە بەرزکرایەوە.

نەتانیاهۆ بە پشتبەستن بە مێژووی ئەو شوێنە ئاماژەی بەوەدا کە قەڵای بیوفۆرت (شەقێف) بووەتە هێمای دابەشبوونێکی قووڵ لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دوای ئەوەی لە جەنگی یەکەمی لوبنان لە ساڵی 1982 دەستی بەسەردا گیرا، ئیسرائیل بەشێک لە باشووری لوبنانی داگیرکرد وە لە ساڵی 2000 کشایەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل ئەمجارە بە "یەکگرتوو و ئیرادە و بەهێزتر" گەڕاوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گرتنی بیوفۆرت، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی زۆرەملێی سەرجەم دانیشتووانی باشووری ڕووباری زەهرانی دەرکرد و هۆشداریی پێدان کە هەرکەسێک لەو ناوچەیە بمێنێتەوە ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم فەرمانە وەک نیشانەیەک لێکدرایەوە کە بۆی هەیە ئۆپەراسیۆنەکە فراوانتر بێت بۆ نەباتیە کە پێنجهەم گەورەترین شاری لوبنانە و یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانی حزبوڵای لوبنان لە باشوور.

نەتانیاهۆ گوتیشی دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی گروپەکە لە دوای مانگی دەی ساڵی 2023ەوە هەشت هەزار ئەندامی حیزبوڵڵا کوژراون، لە نێویاندا 3 هەزار کەس لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تەنها لە مانگی ڕابردوودا 700 ئەندامی حزبوڵڵا کوژراون.

هەروەها ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کاتێکی دەوێت، بەڵام ئێمە ئەرکەکە تەواو دەکەین.

جێی ئاماژەیە دوابەدوای ئەم پێشهاتانە، فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.