ئاسۆکانی گەییشتن بە"یاداشتی لێکتێگەیشتن" و ئامانجەکانی

لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەردەوامن، سەرنجی زۆر لەسەر ئەوە چڕ بووەتەوە کە بە گوێرەی وتەی بەرپرسان، سەرەتادا ئەو ڕێککەوتنە وەک "یاداشتی لێکتێگەیشتن" دەستنیشان دەکرێت، نەک وەک پەیمانێکی تەواو یان ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا یاداشتی لێکتێگەیشتن وەک میکانیزمێکی پراگماتیکی دەبینێت بۆ ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان و دابینکردنی کات بۆ گفتوگۆی فراوانتر.

دکتۆر ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی کاڕلستادی سوید سەبارەت بەو ئاراستە کردەوەگەرایانە دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نێوان یاداشت و ڕێککەوتن — واتە دەربڕینی نییەت بۆ ڕێککەوتن و ئەوەی کە بنەمای یاسایی نییە بە پێچەوانەی ڕێککەوتن — ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەو یاداشتە زیاتر هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو قۆناغەی ئێستا کە بریتییە لە نەبوونی زەمینە بۆ تەنازوولکردن لە لایەن هەردوو لاوە. "

دکتۆر ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش کرد کۆماری ئیسلامیش هەوڵ دەدات ئەو دۆخە بقۆزێتەوە "بۆ ئەوەی نەک تەنها مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات، بەڵکو بیکات بە دەرفەتێکی ستراتیژیک کە ئەمەریکا ناچار بکات بە ڕێککەوتنێک بە قازانجی خۆی، هاوشێوەی بەرجام یان تەنانەت بە کەڵکوەرگرتن لە قووڵایی ستراتێژیک کە لە ڕێگەی تەنگەی هورمووزەوە بەدەستی هێناوە، لە بەرجام باشتر بێت."

سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە بە هەموو ڕێککەوتنێک ڕازی نابێت بەڵکو دەبێت ڕێککەوتنێک بێت تیایدا دەستبەرداربوونی ئێران لە بۆمبی ئەتۆمی بۆ هەمیشەیی مسۆگەر بکات.

ئامانجە کورتخایەنەکان

بەپێی ئەو شتانەی تا ئێستا لەلایەن کاربەدەستانی ئەمەریکاوە باسیان لێوە کراوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە چەند بابەتێکی سەرەکی وەکوو ئامانجی کورتخایەن دەگرێتەوە کە بریتییە لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، سزا ئابوورییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە هەرێمیەکان. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بابەتی ئاسایشی دەریایی و هێرش لەسەر ڕێگاکانی بازرگانیی دەریایی لە کەنداوی فارسدا باسبکرێت. لەبەر گرنگیی ستراتیژیی تەنگەی هورمز بۆ بازاڕی جیهانی وزە، ڕۆژئاوا گرنگیی زۆر بە پاراستنی ئازادیی هاتووچۆی دەریایی دەدات.

دکتۆر ئەحمەدی سەبارەت بە ئامانجە کورتخایەنەکانی دەڵێت: "هەردوو لا نایانەوێت بگەڕێتەوە بۆ شەڕ، بۆیە ئەو یاداشتە هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو هەڵپەسێراوییە سیاسی و نیزامییەی لە ئارادایە و جۆرێک کات کڕین؛ بۆ ترامپ، بۆ ئەوەی زیانە ئابوورییەکانی شەڕەکە کەم بکاتەوە تاکو لە هەڵبژاردنی نۆڤمبردا باندۆڕی خراپی نەبێت، بۆ کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی بارودۆخی خراپی ئابووری نەبێتە هۆی ڕاپەڕینی جەماوەری. هەڵبەت ئەگەری هەیە بەو یاداشتە بگەن، بەڵام بە ڕێککەوتن ناگەن. پێشبینی من ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شەڕ، واتە نە شەڕ و نە ڕێککەوتن".

وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسەت ڕۆژی شەممە لە سینگاپور ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ دەخوازێت بە کرداریی ئێران ڕابگرێت لەوەی بۆمی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

هێگسەت گوتی "ئەمە تاکە سەرۆکە دوای 47 ساڵ بەکرداریی دەیەوێت ئێران ڕابگرێت بە جۆرێک کە ئێران نەتوانێت ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. هەمووتان دەبینن کە سەرۆک چۆن لەو بارەیەوە قسە دەکات و ئەمەش هەر ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت. لە گفتوگۆکاندا چەندە لەو ئامانجە نزیک بینەوە واتە ئەوەندە لە ڕێککەوتن نزیک دەبینەوە."

ئامانجە درێژخایەنەکان

لە بنەڕەتدا، ئامانجە درێژخایەنەکانی رۆژئاوا ئەوەیە ئێران وەک وڵاتێکی بەرپرسیار و پێشبینی‌کراو لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا ببینێت. بەڵام ئایا ئەم چاوەڕوانییە تا چەند واقعبینانەیە؟

ئاگری ئیسماعیل نەژاد شیکەرەوەی سیاسی پێیوایە، ئێران ئێستا لە ئاستی نێوخۆیدا سێ قەیرانی بنەڕەتی هەیە "ئابوورییەکەی داڕماوە، ڕەوایی دەسەڵاتداری لەنێو زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران لە کیس چووە و باڵباڵێنی زۆر تۆخ و دژ بەیەک لەسەر هەموو پرسێک سەری هەڵداوە. "
دەشڵێت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دوو قەیرانی بنەڕەتی هەیە " یەکەم وەکوو دەوڵەتێک کە سەرکردایەتی تێرۆریزم دەکات و بە ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانی ناسراوە و دووهەمیش هەموو پرۆکسیەکانی بەدەر لەوەی لە کوێن زەربی قورسیان بەرکەوتووە."
بەڵام ئیسماعیل نەژاد پێی وایە سەرباری ئەم قەیرانانە ئێران کۆڵ نادات بۆ ئەوەی ببێت بە یاریکەرێکی نۆرماڵی جیهانی "لەبەر ئەوەی ڕوانگەی سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە کە خۆش بژێوی و گەشە لە ئێراندا پەرەپێبدات، ئەوان ڕوانگەیەکی کۆتازەمانیان هەیە و ژیانی ئەم دنیا لە پێناوی ژیانی دنیای پاش مەرگ و پرسی ئاخرزەمانی دەبینن."

پەیوەندی ڕەفتارە ناوخۆییەکانی ئێران لەگەڵ ڕەفتارە دەرەکییەکانی

بوون بە یاریکەرێکی بەرپرسیار لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی تا رادەیێکی گرێدراوی ئاراستەی ناوخۆیی ڕژێمە. واتا هەڵسوکەوتی دەرەوەیی ڕژێم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شێوازی دەسەڵاتداریی ناوخۆیی ئەو ڕژێمەوە. کۆماری ئیسلامی لەسەر بناغەی ئایدیۆلۆژیی شۆڕشگێڕی دامەزراوە، کە تێکەڵەیەکە لە حوکمڕانیی ئاینی، بەرگری لە دژی ڕۆژئاوا، ناسیۆناڵیزمی فارسی دێرینەگەرا و هەست بە گەمارۆدان.

لە ناوخۆدا، دەوڵەت گرنگی بە دەسەڵاتی ناوەندی و کۆنترۆڵکردنی ئایدیۆلۆژیک داوە. لە دەرەوەشدا هەمان تێڕوانین دەبێتە هۆی گومان لە نیازی ڕۆژئاوا، پشتگیری لە گرووپە چەکدارەکان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ زیادکردنی هەژمونی هەرێمایەتی.

بەڵام ئایا هەر ڕێککەوتنێک چۆن دەتوانێت کاریگەریشی لەسەر هەڵسووکەوتی ناوخۆیی ڕژێمی ئێران هەبێت؟

ئاگری ئیسماعیل نەژاد دەشڵێت "پرسی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن ڕێککەوتنێک بۆ لەناوچوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەئ چینی ڕادیکاڵی ڕژیم لاواز بن. لەبەر ئەوەی ئەم لاوازیە خۆی هەم بە قازانجی خەڵکی ئێرانە و هەم شانسی شەڕانگێزی رژیم لە ئاستی ناوچەییدا کەم دەکات و ئەگەری ئەوەی هەوڵی زیندووکردنەوەی پرۆکسییەکانیشی بدات کەمتر دەکات.
لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، من پێم وایە ئەو پرسە بەشێک لە کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە، بەڵام بێگومان لاوازبوونی ڕژێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و قەیرانی ئابووری دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژێم لە سەرکوتی خەڵک لاوازتر بێت. بەڵام بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران حەتمن دەبێت بەرەی ئۆپۆزیسۆنی ئێران گەشە بکەن و دەسەڵات بگرن."

ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هێشتا نادیارە."یاداشتی لێکتێگەیشتن" وەک هەوڵێک سەیر دەکرێت بۆ ئارامکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دروستکردنی بناغەی گفتوگۆی فراوانتر.

ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە سەر بکەوێت، ئەوە پەیوەندی بە چەندین هۆکارەوە هەیە: پابەندبوونی دوولایەن، ئامادەیی بۆ سازشکردن، هەڵوێستی وڵاتانی هەرێم و دۆخی گشتیی جیهان.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە نە ئەمەریکا و نە ئێران ئاماژەیان بەوە نەکردووە هیچ ڕێککەوتنێک یان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردبێت.