ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی لەکارلابراوی سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا 'جەهەپە'، پێشەنگی هەزاران کەسی کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگا. ئەمە سەرباری ئەوەی کە دادگا لە پۆستەکەی لایداوە.
دوای ئەوەی کە قسەی بۆ لایەنگرانی کرد کە بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئاژانسی ئانکای نزیک لە ئۆپۆزسیۆن دەیان هەزار کەس ئامادە بوون، ئۆزەل پێشڕەوی ڕێپێوانێکی لەناو ئەنقەرەی پایتەختی کرد.
دادگای تورکیا بڕیاری نایاساییبوونی کۆنگرەی ساڵی 2023ی پارتی گەلی کۆماری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیاند و کەمال کلیچدارئۆغڵووی سەرۆکی پێشووی پارتەکەی خستەوە شوێنی خۆی کە لەو ساڵەدا هەڵبژاردنەکانی بەرانبەر ڕەجەب ئەردۆگان دۆڕاندبوو.
ئەم بڕیارەی دادگا وا پێ دەچێت کە دەرفەتی زیاتر ببەخشێت بە ئەردۆگان کە زیاتر لە دوو دەیەیە حوکمی تورکیا دەکات و کاریگەری بۆ سەر بازاڕەکان دەبێت.
ڕۆژی شەممە کلیچدارئۆغڵوو سەردانی بینای سەرکردایەتیی سەرەکیی جەهەپەی کرد کە یەکەمین سەردانی بوو لە دوای 21ی مانگی سێ و بەڵێنی پاککردنەوەی پارتەکەی لە گەندەڵی دا وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو دۆسیانەی کە لە دژی شارەوانییەکانی ئەو پارتە لە دادگاکانن.
سەرۆکی لەکارلادراو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بە تۆمەتی سیاسییان دەزانێت، لە کاتێکدا حکومەت ڕایەکی دیکەی هەیە. لەو کاتەی کلیچدارئۆغڵوو قسەی دەکرد، ئۆزەل لە ئۆفیسی پارێزگای ئەنقەرەوە قسەی بۆ کۆبوونەوەیەکی گەورەتر دەکرد.
ئۆزەل گوتی ''ئەمە کێشەی ناوخۆییی جەهەپە نییە، ئەمە کێشەی نێوان ئەردۆگان و نەتەوەکەمانە. لە لایەکەوە ئەوان دەستیان بەسەر باڵاخانەکانماندا گرتووە و لە لایەکی دیکەوە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری وڵاتدا هاوشانی پارتەکەمان وەستاون.''
هەروەها گوتی کە دادگا سەرکردایەتیی کلیچدارئۆغڵووی پەسەند نەکردووە، بەڵکو داوای کۆنگرەیەکی بەپەلەی پارتەکەی کردووە، لە هەمانکاتدا لایەنگرەکانی هاواریان دەکرد ''سەرۆک ئۆزگور!'' و ''خیانەتکار کەمال!''
دواتر پێشڕەویی ڕێپێوانەکەی کرد بۆ سەر گۆڕی ئەتاتورک.
مەنسوور یەڤاش کە کاندیدی جێگرەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووە و سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرەیە، بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد و بانگی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتەکەی بە زووترین کات کرد. ئەمە سەرباری ئەوەی ئیمام ئۆغڵوو هێشتا وەکوو گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ئەردۆگان سەیر دەکرێت.
هەرچی پەیوەندیدارە بە کۆنگرەوە، کلیچدارئۆغڵوو گوتی کە ''بەزووترین کات'' کۆنگرەکە دەبەستن بەبێ ئەوەی کاتێک دیاری بکات.