دانوستاندنەکانی لوبنان و ئیسرائیل ئەمڕۆ لە پەنتاگۆن دەستپێدەکەن

خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان سوپای لوبنان و ئیسرائیل ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پنتاگۆن و بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستپێدەکات.

لە دانیشتنەکەی پەنتاگۆندا، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای لوبنان، ژەنەڕاڵ جۆرج ڕیزکەڵڵا، سەرۆکایەتیی شاندی سوپای لوبنان دەکات.

بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، شاندی سوپای لوبنانی لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بە مەبەستی ئامادەکارییە پێشوەختەکان لەگەڵ تیمی ئەمەریکایی لە پەنتاگۆن کۆبوونەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان ڕۆژەڤی شاندنی لوبنانی بۆ دانیشتنی دەستپێکی لە دانوستاندنەکانی ئەمڕۆدا لەسەر بەهێزکردنی ئاگربەست و وەستاندنی کردە سەربازییەکانی باشووری لوبنان دەبێت. بەڵام چاودێران پێیان وایە کە واشنتن دەیەوێت سوپای لوبنان تاقی بکاتەوە کە ئاخۆ دەتوانێت کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی و چەکەکانی حزبوڵڵا بکات یان نا.

لە هەمانکاتدا، ئاڵۆزییە سەربازییەکانی باشووری لوبنان بەردەوامن و سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی حزبوڵڵا.

سەرۆکوەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵڵا توندتر دەکەن.

ئەم کۆبوونەوەی پنتاگۆن یەکەم کۆبوونەوەی سەربازییە. پێش ئەمە دوو گەڕی کۆبوونەوەی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوە کراون. سەرۆک ترامپ لە 24ی مانگی چواردا لە کۆشکی سپی میوانداریی نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنانی کرد.

بڕیارە لە 2 و 3ی مانگی شەشدا کۆبوونەوەی چوارەم لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە وەزارەتی دەرەوە بکرێت.