بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ ژنی کوردیان بە ناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور، شلێر ئەمینپوور و مەنیجە خۆشنوود لە بۆکان دەستگیر کرد.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ئیتڵاعات بەبێ فەرمانی دادوەر چوونەتە ماڵی حومەیرا و شلێر ئەمینپوور و هەردوو خوشکەکەیان دەستگیر کردووە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، مەنیجە خۆشنوودی 58 ساڵ و دانیشتووی شاری بۆکانیان لە 25ی مانگی پێنجدا دەستبەسەر کردبوو.
هەروەها، ئەوەش ڕاگەیەندراوە کە دوای پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئاسایشییەکان دەستیان بەسەر چەند کەلوپەلێکی وەکوو تەلەفۆن و لاپتۆپ و هەندێک لە کتێبەکانیدا گرتووە.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە مەنیجە خۆشنوود دەستگیر دەکرێت و لە ساڵی 2024یشدا بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن لە دژی حکوومەت سزا درابوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەی هەر سێ ژنەکە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە زانیاریی دروست سەبارەت بە جێی ڕاگرتنیان بەدەست بخەن.