هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک عێراقی تۆمەتبار دەکرێت بە پشتگیریکردن لە ڕێکخراوە تیرۆرستەکان

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک عێراق بە ناوی ئەلساعدی بە تاوانی دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان تۆمەتبار کراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسە دەستی هەبووە لە نزیکەی 20 هێرش و هەوڵی هێرش لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە تیایاندا هەوڵیش دراوە بۆ ڕادیکاڵکردنی تاکەکان لە چەندین وڵاتی جۆراوجۆردا.

تاد بلانش، وەزیری دادی ئەمەریکا، لە بارەی ئەم بابەتەوە وتی "وەک لە ناو بەڵگەکانی دادگادا هاتووە، ئەلساعدی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆرستییەکان و بڕیارەکانی هێرشەکاندا هەبووە، هەروەها هاوپەیمانی لەگەڵ کەسانی تر کردووە بۆ پلاندانانی هێرشی کوشندە لە ناو خاکی ئەمەریکادا.

جەی کلەیتن، دادوەری فیدراڵی بۆ ناوچەی باشووری نیویۆرک لەم بارەوە دەڵێت "وەک لە دادنامەکەدا هاتووە، محەمەد باقەر سەعد داوود ئەلساعدی هاوکاری ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییانەی کردووە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و هێرشی سەرکەوتوویان بۆ سەر هاووڵاتیانی ئاسایی ئەنجام داوە و هەوڵی داوە هاووڵاتیانی ئاسایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بکاتە ئامانج".
کلەیتن گوتیشی "ئەلساعدی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەشێکە لە بەرەی 'بەرخودان'، واتە ئەو گروپەی کە سوپای پاسدارانى شۆڕشی ئیسلامییش لەخۆدەگرێت؛ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەرەکی کە بنکەکەی لە ئێراندایە."