ئەمەریکا هۆشداری دەدات بە عومان هاوکاری ئێران لە تەنگەی هورمزدا نەکات

سکات بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر عومان هاوکاری ئێران بکات لە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، سزای بەسەردا دەسەپێندرێت.

بێسنت لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە حکومەتی ئەمەریکا هیچ هەوڵێک بۆ دامەزراندنی سیستەمی وەرگرتنی پارەی سەرانە بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا قبوڵ ناکات.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، بە تایبەتی، "دەبێت عومان بزانێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە توندی هەر لایەنێک، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشدار بێت لە ئاسانکاری تێپەڕاندنی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەکاتە ئامانج و هەر هاوکارێکی هەبێت سزا دەدرێت".

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هەروەها وتی "هەموو وڵاتان دەبێ بە تەواوی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەربەست خستنە سەر ڕەوتی ئازادی بازرگانی ڕەت بکەنەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە "ڕۆژانی تاران لە تیرۆرکردنی ناوچەکە و جیهان کۆتایی پێهاتووە."

ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکادا پشتیوانی لە عومان دەکات.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە سزای بەسەر دەستەی گەرووی هورمز لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەسەپێنێت.

ئەو دەستەیە کاری بەڕێوەبردنی دەربازبوونی کەشتییەکان دەکات بە ناو تەنگەی هورمزدا و سەرانە لە کەشتییەکان وەردەگرێت.