زیاتر لە 5 ملیۆن و نیو هەنگ لەژێر خاکی گۆڕستانێکی نیویۆرکدا دەژین

گۆڕستانێکی نیویۆرک بووەتە جێگەی سەرنجی زانستی، دوای ئەوەی توێژەرانی زانکۆی کۆرنێل بۆیان دەرکەوت لە ژێر خاکی گۆڕستانەکەدا نزیکەی 5 ملیۆن و 500 بۆ 600 هەزار هەنگ دەژین.

گۆڕستانی ئیست لەون دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شاری نیویۆرک و بە ڕووکەش شوێنێکی بێ دەنگە، بەڵام زانایان لە توێژینەوەیەکدا دەڵێن ژێر خاکی گۆڕستانەکە بووەتە "ژینگەیەکی جەنجاڵ،" بە شێوەیەک شیانی هەیە یەکێک لە گەورەترین و کۆنترین مۆڵگەی هەنگ بێت لە جیهاندا.

توێژەران لە زانکۆی کۆرنێل جۆری هەنگەکەیان بە ئەندرینا ڕێگولاریز (Andrena Regularis) دەستنیشان کردووە. ئەم جۆرە لە هەنگی کێوی بە کۆمەڵ ناژین و هەنگوین دروستناکەن، بەڵکو هەر هەنگێک بە تەنیا لەژێر خاک کولانە دروستدەکات و بۆ خۆراکی خۆی پشت دەبەستێت بە کۆکردنەوەی هەڵاڵە و شیلەی گوڵەکان، بەمەش ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت لە گەردەنکردنی ڕووەکەکان.

یەکێک لە توێژەرەکان، ستیڤ هۆج، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی دەیلی سایەنسی ڕاگەیاند، ''دڵنیام کە کۆمەڵە هەنگی گەورە و نەدۆزراوەی دیکەش لە جیهاندا هەن، بەڵام لەناو ئەوانەی کە هەتا ئێستا دۆزراونەتەوە و توێژینەوەیان لەسەر کراوە، ئەمە یەکێکە لە هەرە گەورەترینەکان."

هەنگەکان بە ڕێکەوت لە ساڵی 2022 دۆزرانەوە، دوای ئەوەی لە ڕۆژێکی بەهاریدا کارمەندێکی تەکنیکی زانکۆی کۆرنێل بە ناوی ڕەیچەڵ فۆڕدیس بڕیاری دا بەناو گۆڕستانەکەدا بچێت بۆ سەر کارەکەی لە بەشی مێرووناسیی زانکۆی کۆرنێڵ. لە گۆڕستانەکەدا تێبینی ژمارەیەکی زۆری ئەو هەنگانەی کرد و دەستبەجێ بەڕێوبەرەکەی لێیان ئاگادار کردەوە.

لەو کاتەوە بۆ چەندین مانگ توێژەرانی زانکۆکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوون و بۆیان دەرکەوت زیاتر لە 5 ملیۆن و نیو هەنگ بە درێژی دۆنم و نیوێکی گۆڕستانەکە لە ژێر زەویدا بڵاو بوونەتەوە؛ ئەم ژمارەیەش سێ هێندەی ژمارەی دانیشتووانی مانهاتنی نیویۆرکە.

گۆڕستانی ئیست لەون لە ساڵی 1878 دامەزراوە و تۆمارە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵەکانی 1900ەوە هەبوونی ئەم جۆرە لەهەنگ لەوێ تێبینی کراوە.

توێژەرەکان ڕێگەی تایبەتیان پەیڕەو کرد بۆ سەرژمێری و تێگەییشتن لە خووی ئەم هەنگانە. بۆیان دەرکەوتووە کە لە سەرەتای وەرزی بەهاردا زۆرتر چالاک دەبن، ئەو کاتەی نێرەکان بە مەبەستی جوتبوون دێنە دەرەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنی مێیەکان دەکەن. دوای چەند ڕۆژێک، مێیەکان دێنە دەرەوە و بەم جۆرە سووڕی ژیانیان بەردەوام دەبێت.

سەرباری ئەوەی ئەم جۆرە هەنگە هەنگوین بەرهەم ناهێنێت بەڵام فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ گەردەنکردنی ڕووەکەکان و بەردەوامیی ژیان، بۆیە توێژەرەکان داوای ڕێوشوێنی تایبەت بە پاراستنیان دەکەن.