سەرچاوەکان لە حکوومەتی ئەمەریکا هەواڵی ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئەمەریکا و ئێران پشتڕاست دەکەنەوە

سەرچاوەکانی حکومەتی ئەمەریکا لە پەیامێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆسیان سەبارەت بە ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ناوکی پشتڕاست دەکەنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەکسیۆس کە دەڵێت "دانوستکارانی ئەمەریکا و ئێران لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 60 ڕۆژە ڕێککەوتوون بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران" سەرچاوەکانی ناو حکومەتی ئەمەریکا لە وەڵامدا ڕاپۆرتەکەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.

ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆک ترامپ هێشتا ڕەزامەندی کۆتایی خۆی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە نەداوە.

ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکایی و سەرچاوەیەکی ناوچەیی کە بەشدارە لە پرۆسەی نێوەندگیریدا، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە یاداشتەکە ئەگەر کۆتایی پێبهێنرێت، ئەوا بەرچاوترین پێشکەوتنی دیپلۆماسی دەبێت لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیەوە. بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هێشتا پێویستی بە دانوستاندنێکی قورستر و چڕتر دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بە فەرمی قبوڵکردنی ڕێککەوتنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پێکدادان و هێرشی سنووردار لە نێوان لایەنەکاندا بە شێوەیەکی پچڕپچڕ ڕوویداوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە یەککاتدا دوو ڕێگای گوشاری سەربازی و دیپلۆماسی پەیڕەو کردووە. لە لایەک واشنتن درێژەی بە هەڵمەتی "توڕەیی ئابووری" و گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی داوە و لە لایەکی دیکەشەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران لە ڕێگەی ناوبژیوانانی ناوچەییەوە بەرەو پێش بردووە، لەوانە پاکستان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی.

سەرۆک ترامپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت "ڕاستەقینە و پشتڕاستکراو و بەردەوام" بێت. ناوبراو هۆشداری دابوو کە ئەگەر دانوستانەکان شکستبهێنن، ناکۆکییەکان "گەورەتر و چڕتر لە پێشووتر" دەست پێدەکەنەوە.

پرسی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، ئایندەی پیتاندنی یۆرانیۆم، چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، کردنەوەی تەواوی تەنگەی هورمز و گەرەنتییە ئاسایشییەکانی ناوچەکە وەک گرنگترین بوارەکانی ناکۆکی نێوان هەردوولا ئاماژەیان پێکراوە.

ڕاپۆرتی ئەکسیۆس لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و ئەمەریکا ڕێگە نادات تاران دانوستاندنەکان بۆ کڕینی کات یان بنیاتنانەوەی توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی بە خراپ بەکار بهێنێت.

ئەگەر دواجار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە لایەن سەرۆک ترامپەوە پەسەند بکرێت و بە فەرمی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبوڵ بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت دانوستاندنی بەرفراوانتر سەبارەت بە داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئێران، چارەنووسی گەمارۆکان و دۆخی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.