قەتەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر کوەیت سەرکۆنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کوەیت بە توندی سەرکۆنە دەکات و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵاتەکە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانی ناوی دەبات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 28ی مانگی پێنج بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی قەتەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە دەتوانێت مەترسی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست بکات، هەروەها داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەوڵی بەپەلە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکەی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەروەها جەختی لە پێویستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دوورخستنەوەی وڵاتانی کەنداو لە دەرئەنجامەکانی کردەوەی وروژێنەر کردووەتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ڕێوشوێنی بەرپرسیارانە و دیپلۆماسی بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری.

لەم ڕاگەیاندراوەدا، قەتەر وێڕای ڕاگەیاندنی هاودەنگی تەواو لەگەڵ حکومەت و گەلی کوەیت، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو ڕێوشوێنانە ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خۆی دەیگرێتەبەر.