کام لە وڵاتان لە داخستنی تەنگەی هورمز سوودمەند بوون ؟

هەرچەندە داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە هۆی هەڵاوسانی ئابووریی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەڵام بەشێک لە وڵاتان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە قازانجێکی زۆریان بەدەستهێناوە.

لە نێو وڵاتانی دراوسێی ئێران، عومان، ڕووسیا و ئازەربایجان داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

ئامارە گومرگییەکانی کۆماری ئازەربایجان دەریدەخات داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە لە مانگی ڕابردوودا نزیکەی 58% بەرزبووبەوەی بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە پێش داخستنی تەنگەی هورمز و گەیشتووەتە دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

بەپێی خەمڵاندنەکان، داهاتی نەوتی بودجەی حکومەتی ڕووسیاش لەم مانگەدا بەڕێژەی لەسەدا 40 زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی ڕۆیتەرز هەروەها ڕایگەیاندووە عومان بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی دراوسێی باشووری ئێران، بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی تەنگەی هورمز بووە، هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی زیاد کردووە.

پێشبینی دەکرێت ئەم مانگە نزیکەی 32 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، ئەوەش بەرزترین ئامارە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە. بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای کەێپڵەر، هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی عومان دەگاتە 17 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووییە. جگە لەوەش، عومان لەم مانگەدا یەک ملیۆن تۆن گازی هەناردە کردووە، کە بەڕێژەی لەسەدا 20 زیاترە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو.

تەنگەی هورمز ڕێڕەوی ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداوە و لە دوای داخستنی تەنگەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی کەنداو، نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و هەناردەکردنیان بە قورسی پەکیکەوتووە.

لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمی نەوتیش هەناردە دەکەن، داهاتێکی زۆریان بەدەستهێناوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز نوسیویەتی، دوورگەی بۆرنێۆ، کە وڵاتێکە لە باشووری ئاسیا ژمارەی دانیشتووانی نیو ملیۆنە، مانگی ڕابردوو دوو ملیۆن و 740 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، کە بە ڕێژەی 51% زیاترە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو، هەروەها هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی لەم مانگەدا بۆ 4.16 ملیۆن بەرمیل بەرزکردووەتەوە، کە بەرزترین ڕێژەیە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە. هەروەها هەناردەی گازی لە وڵاتەکەدا بە ڕێژەی لەسەدا 18 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 330 هەزار تۆن.

لەدوای داخستنی تەنگەی هورمز، نرخی نەوت و گازی جیهانی بەڕێژەی نزیکەی لەسەدا 30 بەزربوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هەندێجار نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە 120 دۆلار.

لە ئێستادا نەوتی خاوی برێنت بە نزیکەی 97 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و گاز لە ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور، داهاتێکی زۆر بە هۆی ئەم دۆخەوە بەدەست دەهێنن، لەوانە ئەنگۆلا، گابۆن، نەیجیریا، جەزائیر و ئەرجەنتین.