فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕۆژی پێنجشەممە،28ی مانگی پێنج لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە مووشەکێکی بالیستیکی بەرەو کوێت هەڵداوە کە لە لایەن هێزەکانی کوەیتەوە ڕێگری لێکراوە.
سێنتکۆم ئەو کارەی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست" ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە چەند کاتژمێرێک پێشتر هێزەکانی ئێران پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیان لە تەنگەی هورمز و نزیکی تەنگەکە هەڵدابوو، ئەمەش "مەترسییەکی ڕوون"ی دروستکردبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە ڕێگریان لێکراوە و هەروەها ئەمەریکا ڕێگری لە هەڵدانی شەشەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە لە ناوەندێکی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بەندەر عەباس.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە درێژەی ڕاگەیەنداوەکەیدا لە ئیکس نووسیویەتی سەرەڕای بەرزبوونەوەی گرژییەکان، سێنتکۆم و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بە وشیاری و ئامادەییەوە دەمێننەوە و دان بە خۆیاندا دەگرن و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە هێزەکانیان و هێڵی کەشتیوانی و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان لە ناوچەکەدا. سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە کە کردەوەکانی ئەم دواییەی ئێران پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئازادی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.