فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس لە هێرشێکی ئیسرائیلدا دەکوژرێت

محەمەد عودە، فەرماندەی سەربازی حەماس

ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 27ی مانگی پێنج ڕایگەیاند محەمەد عودە فەرماندەی نوێی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی لە غەززە ڕۆژی سێشەممە لە هێرشێکدا کوشتووە.

ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی "دوێنێ فەرماندەی باڵی سەربازی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس لە غەززە لەناو برا و ڕەوانەی دۆزەخ کرا بۆ بینینی هاوڕێکانی."

حەماس کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادایە، کوژرانی محەمەد عودە لە شوقەیەک لە شاری غەززە پشتڕاستکردەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەند مانگێک لە چاودێریکردنی هەواڵگریی بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی جووڵەی ئەو و هاوکارەکانی بەڕێوەچووە.

کاتز لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ئێمە پابەند بووین بە لەناوبردنی هەموو ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەریان کردووە و ئەوەش دەکەین و هەموویان دەستنیشانکراون، لە هەر شوێنێک بن".

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای ئەوەی هێرشەکە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا، وتی محەمەد عودە بەرپرسی هەواڵگری حەماس بووە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا و نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر وەک جێنشینی عیزەدین حەداد دەستنیشانکراوە.

عیزەدین حەداد لە هێرشەکەی ئیسرائیل ماوەیەک پێش ئێستا کوژرا.

کاتز و نەتانیاهۆ ڕایانگەیاند محەمەد عودە "بەرپرسە لە کوشتن و ڕفاندن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنییەکانی ئیسرائیل و سەربازانی ئیسرائیل."

سەرچاوە عەرەبییەکان ڕایانگەیاندووە لە هێرشی ئاسمانی ڕۆژی سێشەممەدا کە محەمەد عودەی تێدا کوژراوە، سێ کەسی دیکە کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای ئەوەی حەماس لە 7ی مانگی نۆ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ بەڵێنی دا سەرکردەکانی پشت ئەو هێرشە بکاتە ئامانج و لەناویان ببات.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماس هەزار و 221 کەسی کوژران.

لەبەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا کاردەکات، باس لەوە دەکات کە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە لانیکەم 72 هەزار و 803 کەس کوژراون.