ترامپ: کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چوارشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی پێنج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ ڕایگەیاند بەهۆی ئەگەری خراپی کەشوهەوا لە ڕۆژی چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە بڕیاڕ بوو لە کەمپی دەیڤد بێت دوادەخرێت و لەبری ئەوە کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت.

پێشتر دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردبووەوە کە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران لە کەمپ دەیڤد بەڕێوەدەچێت.

هەواڵی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە چەند بەلەمێکی خێرا و شوێنی مووشەکی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج. میدیای دەوڵەتی لە ئێران ڕایگەیاندووە چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو هێرشانەدا کوژراون.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی سی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی لە کەمپی دەیڤد کە هاوینەهاواری سەرۆکایەتییە لە ویلایەتی مێریلەند، بڕیارە پرسە گرنگەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تاوتوێ دەکەن.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردبوو لە کەمپی دەیڤد بڕیارە باسەکانی "سەرکەوتنە ئابوورییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە، پشتگیریکردن لە بزنسە بچووکەکان، کردەوەکانی هێزی ئەرکی دژە گەندەڵی و دوایین پێشهاتەکانی سیاسەتی دەرەوە تاوتوێ دەکرێن."

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن بی سی، پێشبینی دەکرێت ململانێی بەردەوامی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە بابەتێکی سەرەکی گفتوگۆکردن لە کۆبوونەوەی کابینەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا. کەمپی دەیڤد لە مێژوودا شوێنی بڕیاردان لەسەر هەندێک لە پێشهاتە سیاسییە بەرچاوەکانی ئەمەریکا بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیشانەکانی پێشکەوتنی دیپلۆماسی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکادا دەرکەوتووە. بەڵام ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە هەنگاوێکی بەرگریدا هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی.

تیم هۆکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) شەوی دووشەممە بە دەنگی ئەمرەیکای ڕاگەیاند "هێزەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هێرشی بەرگرییان لە باشووری ئێران ئەنجامدا لە وەڵامی هەڕەشەکانی هێزەکانی ئێران."

ئەو شوێنانەی کە کرابوونە ئامانج بریتی بوون لە شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک و بەلەمەکانی کۆماری ئیسلامی کە "هەوڵی چاندنی مین"یان دەدا.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاندووە، "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان لە هەمان کاتدا دان بە خۆدا دەگرێت لە کاتی ئاگربەستی ئێستادا."