کابینەی ترامپ لە کەمپی دەیڤد سەبارەت بە ئێران کۆ دەببێتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی دەگمەن لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی لە کەمپی دەیڤد ئەنجام بدات. کۆبوونەوەکە بە وتەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان لەسەر ئێران لە قۆناغێکی گرینگ نزیک دەبنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە هەڵبژاردنی کەمپی دەیڤد کە شوێنێکی دوورەدەستە لە شاخەکانی میریڵەند کە ترامپ بە پێچەوانەی زۆرێک لە سەرۆکەکانی پێشوو، بە دەگمەن سەردانی دەکات، وەک ڕەنگدانەوەی هەستیاری ئەو وتووێژانە سەیر دەکرێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ئێران تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت، هەروەها هەموو ئەندامانی کابینەکە ئامادە دەبن. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پرسە ئابوورییەکانیش لە ڕۆژەڤدان.

ڕۆژی شەممە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند ڕێککەوتن لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکە، بەڵام لەهەمان کاتدا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ئەوا هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەستپێدەکاتەوە.

کەمپی دەیڤد لە ماوەی ڕابردوودا گۆڕەپانی چەندین پێشهاتی دیپلۆماسی گەورەی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بووە، لەوانە ڕێککەوتنەکانی ئیسرائیل و میسر لە ساڵی 1978 لە سەردەمی جیمی کارتەر و لوتکەی شکستخواردووی ئیسرائیل و فەلەستین لە ساڵی 2000 لە سەردەمی بیل کلینتۆن.

ئەمە دووەم سەردانی سەرۆک ترامپ دەبێت بۆ کەمپی دەیڤد لە خولی دووەمیدا؛ یەکەمیان تەنها چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.