نەتانیاهو بەڵێنی 'گورزی کوشندە' بۆ سەر حزبوڵا دەدات

سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە لوبنان دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران بنیامین نەتانیاهو ئاماژەی دا بە چڕکردنەوەی هێرشەکان دژ بە حزبوڵا.

ڕۆژی سێشەممە هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر "زیاتر لە 100 بنکەی ژێرخانی حزبوڵا و تیرۆرستان" لە دۆڵی بیقاع و سەرانسەری باشوری لوبنان.

هێزی بەرگری ئیسرائیل ڕاشیگەیاند لە باشوری لوبنان زیاتر لە 90 کۆگای چەک و بنکەی چاودێری و ژێرخانی حزبوڵای کردووەتە ئامانج.

هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات نەتانیاهو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەگەڵ حزبوڵا لە شەڕدایە و دەبێت "بە گورزی کوشندە" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا 600 ئەندامی حزبوڵای کوشتووە. هەروەها جەختی کردەوە، "ئەوەی ئێستا لەسەرمان پێویستە بریتییە لە زیادکردنی ژمارەی هێرشەکان و چڕکردنەوەیان."

ئیسرائیل و لوبنان ڕۆژی 16ی مانگی چوار بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئاگربەستێکیان واژۆ کرد و لەو کاتەوە چەند جارێک لە واشنتن لەسەر ئاستی باڵیۆز کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.

بەڵام سەرەڕای گفتوگۆکان، ئاڵۆزییەکانی سەر سنور بەردەوامن و مەترسی فراوانبوونی هێرشی دوولایەنە هەیە.