چەندین ژن و منداڵی داعش لە کامپی ڕۆژەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئوسترالیا

حکومەتی ئوسترالیا پشتڕاستی دەکاتەوە ڕۆژی سێشەممە حەوت ژن و 12 منداڵی ئوسترالی گرێدراو بە چەکدارانی داعش لە کامپێکی باکور و ڕۆهەڵاتی سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ ئوسترالیا.

وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا تۆنی بورک ڕایگەیاندووە حکومەتی ئوسترالیا هیچ هاوکارییەکی گەڕانەوەی بۆ ئەو کەسانە دابین نەکردووە و ئەوانەی تاوانیان ئەنجام داوە "ڕووبەڕووی هیزی تەواوی یاسا دەکرێنەوە."

وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەمانە کەسانێکن کە ڕێگایەکی قێزەونیان هەڵبژاردووە, ئەویش بە پەیوەستبوون بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مەترسیدار و دانانی منداڵەکانیان لە دۆخێکی ناهەمواردا."

ئەو هاوڵاتییە ئوسترالیانە دوای شکستی داعش لە سوریا لە ساڵی 2019 لەگەڵ هەزاران کەسوکاری چەکدارانی داعشی بیانی لە کامپی ڕۆژی هەرێمی ڕۆژئاوا لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیرابوون.

ئەوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمەریکا بەردەوام داوایان لە وڵاتانی جیهان دەکرد ئەو کەسانە ببەنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام زۆربەی وڵاتەکان ئەوەیان ڕەتدەکردەوە.

نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر، حکومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند گرووپێکی 13 کەسی لە کەسوکاری داعشەکان لە سوریاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئوسترالیا.