دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی پێنج ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ئەو کەسەی لەسێدارەدراوە، ناوی غوڵامڕەزا خانی شەکراب-ە و ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوە دەکات ناوبراو سەرۆکی تۆڕێکی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بووە.
میزان بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو زیندانییە وەک "بەرپرسی تۆڕی ئۆپەراسیۆنی مۆساد" لە دامەزراندنی خەڵک، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە، ئاگربەردان لە موڵک و ماڵی گشتی، ئامادەکردنی بۆمب و ناردنی زانیاری بەشدار بووە.
لە هەمان کاتدا ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووەتەوە خانی شەکراب لە دەرەوەی وڵات بووە و لە "ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز"دا گواستراوەتەوە بۆ ئێران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە غولامڕەزا خانیشەکراب پێش دەستبەسەرکردنی لە وڵاتی تورکیا نیشتەجێ بووە و دواتر ساڵی ڕابردوو لە کاتی گەشتێکدا بۆ وڵاتی عێراق (کە بە ڕێنمایی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی و بە مەبەستی زیارەت ئەنجام درابوو)، لەلایەن هێزە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و گوازراوەتەوە بۆ نێو ئێران.
هەنگاو هەروەها نووسیویەتی ناوبراو دوای تێپەڕاندنی چەندین مانگ لێکۆڵینەوە و زیندانیکردنی لە ژووری تاکەکەسی، لە ڕەوتێکی دادگاییکردنی تەواو ناڕوون و نادادپەروەرانەدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە خەریکی لەسێدارەدانی ناڕازییانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل. هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و توقاندن، سزای قورس بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان بکات.