ترامپ: یۆرانیۆمی ئێران دەبێت لە ئەمەریکا یان شوێنێکی دیکە لەناوببرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ ڕایگەیاند یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران یان دەبێت دەستبەجێ بگەیەنرێتە ئەمەریکا بۆ لەناوبردن، یان باشترە بە هەماهەنگی و هاوکاری خودی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنێک لەناوببرێت.

سەرۆک ترامپ لە درێژەی دوایین پەیامەکەی لە تروث کە ئێوارەی دووشەممە،25 ی مانگی پێنج بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "پێویستە پرۆسەی لەناوبردنی تۆزی ئەتۆمی [یۆرانیۆمی پیتێنراو] بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیکردنی کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی یان دامەزراوەیەکی هاوتای ئەنجامبدرێت."

سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاری زیاتری سەبارەت بە چوارچێوەی ئەگەری پلانەکە یان پەیوەندییەکەی بە دانوستانە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و ئێرانەوە نەخستەڕوو، بەڵام ئەم تێبینیانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەردەوامن.