دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران "بە باشی بەڕێوەدەچێت" و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە یان دەبێت "بارودۆخێکی باش بۆ هەمووان" بێت، یان ئەگەرنا ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و شەڕی فراوانتر.
لەم پەیامەدا ترامپ دەڵێت لە میانەی وتووێژەکانی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی موسڵمانان، لەوانە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن و هەروەها بەرپرسانی پاکستان و بەحرەین، پێشنیاری کردووە کە ئەم وڵاتانە لە یەک کاتدا بەشداری "ڕێککەوتنی ئیبراهیم" بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمەریکا زۆر ماندوو بووە بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەلایەنی کەمەوە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری بکەن بە پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم. ترامپ هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەو وڵاتانە ئامادە نەبن هاوکاری بکەن، ڕەنگە لە ڕێککەوتنی ئەگەری لەگەڵ ئێران دەر بکرێن، چوونکە ڕەتکردنەوەیان نیشان دەدات نیاز پاک نین.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت ڕێککەوتنی ئیبراهیم تا ئێستا "گەشەی دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی" بۆ ئەندامەکانی هێناوەتە ئاراوە، لەوانە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، مەغریب، سودان و کازاخستان و تەنانەت هیچ کام لە ئەندامەکان بیریان لە جێهێشتن یان ڕاگرتنی ئەندامێتی خۆیان نەکردووەتەوە.
ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا، پەیوەستبوونی دەستبەجێی سعودیە و قەتەر بەو ڕێککەوتنە بە "خاڵی دەستپێکی" گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو بردووە و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ بکرێت، بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمیشدا دەکرێت ببێتە "ڕووداوێکی تایبەت و مێژوویی".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی "یەکگرتوو و بەهێز و لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر بەهێز"، وتیشی ڕێککەوتنەکە لە ڕووی گرنگی و متمانەپێکراوییەوە بێ وێنە دەبێت و دەشلێت "لەوانەیە یەکێک یان دوو کەس هۆکارێکیان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارە نەکەن و ئەوەش قبوڵ دەکرێت، بەڵام زۆربەیان دەبێ ئامادە بن و بتوانن ئەم یەکلاییکردنەوە لەگەڵ ئێران بکەنە ڕووداوێکی مێژوویی."
ترامپ لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە داوای لە نوێنەرانی خۆی کردووە "دەستبەجێ پرۆسەی پەیوەندیکردنی ئەو وڵاتانە بە ڕێککەوتنەکەوە دەستپێبکەن."