نەتانیاهۆ: لەگەڵ ترامپ هاوڕاین کە دەبێت یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران بگوازرێتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئێوارەی شەممە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران دەبێت ئەو مەترسییە ئەتۆمییە نەهێڵێت کە تاران دروستی دەکات.

بنیامین نەتانیاهۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ئەمە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گواستنەوەی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی لەو وڵاتە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرامی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی هەیە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا نێژراوە کە لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا بۆردومانکراون. ترامپ چەندین جار باسی لەوە کردووە کە ئێران دەبێت ئەو ماددانە ڕادەستی ئەمەریکا بکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە ترامپ مافی ئیسرائیلیشی دووپاتکردووەتەوە کە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکان لە هەموو بەرەکاندا، لەنێویاندا لە لوبنان.

سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی شەممە ڕایگەیاند کە بە تەلەفون لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران قسەیان کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە بە جیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەیان کردووە و "ئەو پەیوەندییەش زۆر بە باشی بەڕێوەچوو."