دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایین پۆستدا لە تۆڕی تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران "بە ڕێکوپێکی، پیشەیی و بنیاتنەر" بەرەوپێش دەچێت و واشنتن پەلە ناکات لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ. جەختیشی لەوە کردەوە کە سزاکان و گوشارەکان لەسەر ئێران بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و پشتڕاستکراوە و واژۆکراو.
سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی"هەردوولا دەبێت کاتیان هەبێت و بە باشی ئەنجامی بدەن. هەڵە ناکرێ! پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئێران خەریکە دەبێتە پەیوەندییەکی زۆر پیشەیی و بەرهەمدارتر. بەڵام دەبێت لەوە تێبگەن کە ناتوانن چەکی ئەتۆمیان هەبێت."
سەرۆک ترامپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جارێکی دیکە ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 گرت و بە "یەکێک لە خراپترین ڕێککەوتنەکانی مێژووی ئەمەریکا" ناوی برد. ترامپ وتی ئەو ڕێککەوتنەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا واژۆ کرا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و تیمی ئیدارەی ئۆبامای بە "ئاماتۆر" ناودێر کرد.
ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران (بەرجام) ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمانیا) ئەنجام درا.
ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ڕێگەدان بە پشکنین و لە بەرامبەردا زۆرێک لە سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران هەڵگیران.
لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەمەریکای لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشاندەوە،و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنەکە زۆر لاوازە و نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی ئێران و کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ترامپ لە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکانی ئێستای بەڕێوبەرایەتییەکەی لەگەڵ ئێران "تەواو پێچەوانەی" ڕێککەوتنەکەی پێشووە.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها باسی لەوە کرد پێویستە هەردوولا بە وریایی تەواوەوە لە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی "هیچ هەڵەیەک" نەکرێت. لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیویەتی ئێران دەبێ لەوە تێبگات کە ڕێگەی پێنادرێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات یان بەدەستی بهێنێت.
ترامپ لە کۆتاییدا سوپاسی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ دانوستان و هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا، هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم کرد کە بە وتەی خۆی تەنانەت دەتوانێت ئێرانیش لە داهاتوودا بگرێتەوە.