واشنتن فراوانکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان لە سوریا ڕادەگەیەنێت

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە کە زانیارییەکی فراوان دەربارەی بازاڕی سوریا پێشکەش دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی باڵیۆزخانەکە، ئەمەریکا، سوریا وەک دەرفەتێکی نوێ و ئاسایش‌دار بۆ بازرگانییەکان دەبینێت.


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەسەر تۆڕی ئێکس ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە دوای هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان لە ماوەی یەک ساڵدا، زیاتر لە 18 هەزار کۆمپانیا و کاروبار لە شاری دیمەشق دەستیان بە کار کردووە، 1.5 ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە و بە ملیاران دۆلار بۆ پرۆژە و کارە نوێکان ئامادە کراون.

باڵیۆزخانەکە جەختی کردووەتەوە کە لە بوارەکانی کارەبا، نەوت، تەکنەلۆجیا، تەلەفۆن، نیشتەجێبوون و بانکدا دەرفەتە گەورەکان کراونەتەوە.

هەروەها کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئامراز و زانیارییە نوێکانن، دەتوانن بە ئاسانی کێشە و کەموکوڕییەکانی سوریا چارەسەر بکەن.

باڵیۆزخانەکە هانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەدات و هاوکاریی سوریا دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی داهاتوویان بنیات بنێن.