ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات: نیگەرانین لەوەی چارەسەری سیاسی کێشەی ئێران دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ناوچەکە دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانە لەوەی "چارەسەری سیاسی خۆی ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەکەدا."

ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، لە وتارێکدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە دەکات بەوەی هەر شەپۆلێکی نوێی ململاێنێ نێوان ئەمەریکا و ئێران دۆخەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات، "بەڵام هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی دەبێت چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئاڵۆزیی نوێ دروست نەبێت."

قەرقاش ڕایگەیاند بەرنامەی ناوەکیی ئێران ئێستا بە پلەی یەکەم مایەی نیگەرانی وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبییە، بە تایبەتی دوای ئەوەی "دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە هەر چەکێک کە لەبەردەستیەتی بەکاربهێنێت."

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات وتی، "ئێمە دەبینین کە ڕژێمی ئێران دەتوانێت هەر چەکێک کە لەبەردەستیەتی بەکاربهێنێت. ئەمە ئەو شتەیە کە بۆمان دەرکەوتووە. بەرنامەی ناوەکیی ئێران پێشتر نیگەرانیی دووهەم یان سێهەمی ئێمە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە نیگەرانی یەکەم."

قەرقاش هەروەها هۆشداری دا کە هەر جۆرە کۆنترۆڵێک بەسەر تەنگەی هورمز پێشینەیەکی "زۆر مەترسیدار" دروست دەکات و لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی سیاسی بەکاردەهێنرێت.