ڕوبیۆ: پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی ئێران بەدی هاتووە بەڵام وەک پێویست نییە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران "تا ڕادەیەک" پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام بەگوێرەی پێویست نین و دەبێت ئێران بە ڕوونی دەستبەرداری ویستی ئەتۆمی ببێت.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری هێلیسنگبۆرگی وڵاتی سوید ڕایگەیاند، "هەندێک پێشکەوتن بەدی هاتووە، بەڵام زیادەڕەوی لە هەڵسەنگاندنی ڕێژەی پێشکەوتنەکە ناکەم و لە گرنگییەکەشی کەم ناکەمەوە. دەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت."

ڕاشیگەیاند، "بەدیهاتنی ئەو پێشکەوتنە ئاماژەیەکی باشە، بەڵام بەگوێرەی پێویست نییە. هیوادارم بگەینە ئەو شوێنەی کە پێشکەوتنەکە بەگوێرەی پێویست بێت. سەرۆک ڕایگەیاندووە ئێمە ڕێککەوتنێکی باشمان لا پەسەندترە [لە شەڕ]."

روبیۆ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئێران بەتەواوی دەستبەرداری چالاکی ناوەکی ببێت، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی تەواوەتی سیستەمی باج و سەرانە لە گەرووی هورمز.

مارکۆ ڕوبیۆ دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی ناتۆ لە سوید ڕایگەیاند ئەمەریکا داوای هاوکارییەکی دیاریکراوی لە ناتۆ نەکردووە سەبارەت بە تەنگەی هورمز، بەڵام ئەگەر ئێران ڕەتیبکاتەوە تەنگەکە بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە، ئەوا پێویستە "پلانی جێگرەوە" هەبێت.

ڕاشیگەیاند ڕژێمی ئێران دەیەوێت سیستەمێکی کۆکردنەوەی سەرانە لە گەرووی هورمز دابنێت و بۆ ئەم مەبەستە کاردەکات بۆ ئەوەی عومانیش ڕازی بکات بە بەشداریکردن لەو سیستەمەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی پێویستە پلانێکی نێودەوڵەتی هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بۆ ئەگەری بەردەوامی هەراسانکردنی هاتووچۆی کەشیوانی لەلایەن ئێرانەوە و ڕایگەیاند، "لەو سیناریۆیەی ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئێران سوربێت لەسەر داخستنی گەرووی هورمز، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە چی بکرێت و کێ بیکات."

روبیۆ ڕایگەیاند ئەم پرسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ تاوتوێ کردووە، بەڵام ئاماژەی نەدا بەوەی لەمبارەوە هیچ ڕێککەوتنێک کرابێت.

دەربارەی ڕۆڵی ناتۆ، مارکۆ روبیۆ جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا چاوەڕوانی لە وڵاتانی ئەندام هەیە کە خەرجییە سەربازییەکانیان لەناو ئەو ڕێکخراوە زیاد بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، "لەناو بازنەی سیاسی ئەمەریکادا هەرگیز کاتێک نەبووە کە تێیدا گفتوگۆ نەکرێت لەبارەی ئەوەی ڕۆل و بەشداری ئێمە لە ناتۆ دەبێت چۆن بێت. ناتۆ ڕێکخراوێکی بەسوودە بۆ ئەوروپا و هەر دەبێت بەم شێوەیە بێت، بەڵام دەبێت بۆ ئەمەریکاش بەسوود بێت."

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی شوێنی سەربازەکانی ئەمەریکا لە چەند وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە لەوەی ئەم شوێنگۆرکێیە "بابەتێکی تەکنیکییە نەک سیاسی."