ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە سەرچاوەیەک بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە، تیمێکی دانوستانکاری قەتەری ڕۆژی هەینی گەیشتوونەتە تاران بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتنێک بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتووە، شاندەکە لە لایەن قەتەرەوە ڕەوانەی تاران کراوە بۆ یارمەتیدانی پێشخستنی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
قەتەر لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی نێوەندگیری لە چەندین قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بینیوە، لەوانە شەڕی غەززە. بەڵام دوای ئەوەی ئێران دەستی دایە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، دۆحە تا ڕادەیەکی زۆر دوورکەوتووەتەوە لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی شەڕی ئێران.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاتنی تیمی قەتەر بۆ تاران دەکرێت نیشانەی زیادبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ناوچەکەدا.