ئەمەریکا پێنج هەزار سەربازی دیکە بۆ پۆڵەندا دەنێرێت

سەرۆکی ئەمەریکا دونالد ترامپ ڕایگەیاند واشنتن 5 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی پۆڵەندا دەکات. سەرۆک ترامپ تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ وەزیرانی ناتۆ کۆببێتەوە ئەم بڕیارەی راگەیاند.

سەرۆک ترامپ لە پەیامێک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی بڕیاری ناردنی هێزی زیادە بۆ پۆڵەندا پەیوەندی بە پشتیوانی و پەیوەندیی نزیکی خۆی بە سەرۆکی نوێی پۆڵەندا، کارۆل ناڤرۆتسکی-یەوە هەیە.

ترامپ دەڵێت "بە هۆی سەرکەوتنی کارۆل ناڤرۆتسکی لە هەڵبژاردنەکاندا کە من بە شانازییەوە پشتیوانیم لێکرد و بەهۆی پەیوەندییەکەمان، خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 5 هەزار سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات."

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لە دوای ئەوە هات کە ترامپ لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا بە توندی ڕەخنەی لە ئەندامانی ناتۆ گرت کە یارمەتیی پێویستیان بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستەبەر نەکردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا لەوانەیە لە ناتۆ بکشێتەوە.

ڕوبیۆ ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە شارۆچکەی هێلسینگبۆرگی سوید وتی ڕاشکاوانە بڵیم سەرۆک زۆر بێ هیوا و بێزار بووە سەبارەت بە وەڵامی هەندێک لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتیشی ناردنی هێزی زیادە نیشانی دەدات کە "ئەمەریکا بەردەوامە لە پابەندبوونە جیهانییەکانی کە پێویستە لەڕووی جێگیرکردنی هێزەکانمانەوە جێبەجێی بکات" بەڵام هۆشداریدا کە ئەمەریکا پێداچوونەوە بە جێگیرکردنی هێزەکانی لە هەموو جیهان دەکات.

مارک رووتە، سکرتێری ناتۆ، پێشوازی لەم هەوالە کرد و بە بەرز ی نرخاند.