ترامپ: یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەبەین و پێدەچێت لەناوی ببەین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا ڕازی نابێت پارە لە کەشتییەکانی تەنگەی هورمز وەربگیرێت و وتیشی کۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران وەردەگرن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە دەیبەین، ئێمە پێویستمان پێی نییە، ئێمە نامانەوێت، پێدەچێت دوای ئەوەی وەریبگرین لەناوی ببەین، بەڵام ناهێڵین ڕێگەیان پێبدەین هەیانبێت."

ترامپ ئیرادەی واشنتنی دووپاتکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی و وتی "یان دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە چەکی ئەتۆمییان نابێت یان ناچار دەبین هەنگاوێکی زۆر بەهێز بگرینەبەر. باوەڕم وایە کاتێک ئەم بابەتە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەمان باس دەکرێت، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ناتوانین ڕێگە بە ئێران بدەین چەکی ئەتۆمیان هەبێت."

ئەه قسانەی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە "دوو سەرچاوەی باڵای ئێران" کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاند موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی داوە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نەنێردرێتە دەرەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرپرسانی باڵای ئێران پێیان وایە گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی وڵات دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران زیاتر بەرەوڕووی هێرشە ئەگەرییەکانی داهاتووی ئەمەریکا و ئیسرائیل ببێتەوە.

دوای یەک کاتژمێر، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەوان فۆکس نیوز و ئەلجەزیرە، پرسیاریان لە متمانەی ئەو ڕاپۆرتە کرد. تا ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز نەداوە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا ڕازی نابێت بەوەی ئێران لە کەشتییەکانی تەنگەی هورمز پارە وەربگرەێت و وتیشی ئێمە کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزمان هەیە و گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە تەواوی کاریگەر بووە.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئێران بیەوێت پلانی وەرگرتنی پارە لە کەشتییەکانی تەنگەی هورمز جێبەجێ بکات، ئەوا ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا "دەبێتە مەحاڵ".