مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران مەحاڵ دەبێت ئەگەر تاران پلانێک بۆ وەرگرتنی پارە بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمز بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەوانانی وت"کەس لە جیهاندا پشتگیری لە سیستەمی وەرگرتنی پارە ناکات. ئەوە ناتوانرێت ڕووبدات. ئەوە قبوڵ ناکرێت، ئەگەر بەردەوام بن لە بەدواداچوونی، مەحاڵە بگەنە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی. بۆیە ئەگەر ئەو کارە بکەن، ئەوە مەترسی لەسەر جیهان دەبێت و بە تەواوی نایاسایی دەبێت."
هەروەها باسی لەوە کرد "هەندێک پێشکەوتن" لە وتووێژ لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەدیهاتووە و وتی "ئاماژەی باش هەیە"، بەڵام واشنتن "بەرەوڕووی سیستەمێک دەبێتەوە کە خۆی تاڕادەیەک شکاو و پارچەپارچە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسانی باڵای پاکستان بۆ نێوەندگیریکردنی دانوستانەکان ئەمڕۆ گەشت دەکەن بۆ تاران، وتی "پێویستی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەیە کە گرێبەستێکی باش بەدەستبهێنێت... من لێرە نیم بڵێم ئەوە ڕوودەدات، لێرەم بۆ ئەوەی بڵێم کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بزانین دەتوانین ڕێککەوتنێک بەدەستبهێنین."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر ڕێککەوتنێکی باش نەکرێت، دۆناڵد ترامپ بە ڕوونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە.