پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەک دژ بە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان لە ئێران پەسەند دەکات

پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە، 21ی مانگی پێنج لە کۆبوونەوەی خۆی لە ستراسبۆرگ بڕیارنامەیەکی هاوبەشی پەسەند کرد کە تێیدا شەپۆلی سەرکوتکردن و لەسێدارەدان و پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤی لە ئێران بە توندی سەرکۆنە کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی کرد.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا بە ڕاگەیاندنی پشتگیری خۆیان بۆ خەڵکی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتی کەڵک وەردەگرێت. لە بڕیارنامەکەدا بە توندی سەرکۆنەی لەسێدارەدانی نهێنیی نەیارانی سیاسی لەوان نەوجەوانان لە مانگەکانی سێ و چواردا کردووە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دەستبەجێ سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن.

پەرلەمانی ئورووپا هەروەها داوای پەرەپێدانی سزای سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سوپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیە. پەرلەمانتارانی ئەورووپا هەروەها داوایان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا کردووە کە چوونە ژوورەوەی ئەندامانی سوپای پاسداران و بنەماڵە نزیکەکانیان بۆ ئەوروپا قەدەغە بکەن و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامییەوە ڕابگرن.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا، پەرلەمانی ئەوروپا جەختی لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئینتەرنێتێکی ئازاد و پارێزراو بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی کردووەتەوە و خوازیاری پشتیوانیی زیاتری یەکێتیی ئەورووپایە بۆ لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران. ئەم لیژنەیە پێشتر هۆشداری دابوو کە سەرکوتکردنی حکومەت لە ئێراندا دەتوانێت بخرێتە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

ئەم بڕیارنامەیە بە 516 دەنگی بەڵێ و 14 دەنگی نەخێر و 39 دەنگی بێ لایەن پەسەند کراوە.