ئێران دوو گەنجی کورد و دوو گەنجی عێراقی بە تۆمەتی ئاسایشی لەسێدارە دەدات

کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی چالاکوانان، دوو گەنجی کورد و دوو هاووڵاتی عێراقی بە تۆمەتی ئاسایش و سیخوڕی لە سێدارە دەدات. هەنگاوێک کە نیگەرانی و کاردانەوەی بەربڵاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیی بەدوای خۆیدا هێناوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمەتباران دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجە و بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ڕۆژی پێنجشەممە 21ی مانگی پێنج ڕایگەیاند دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕامین زلە و کەریم مەعروفپوور لەسێدارە داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ڕامین زلە خەڵکی شاری نەغدە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی چالاکی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبێکی کوردی دژبەری ڕژیم، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

زلە لە مانگی حەوتی ساڵی 2024 بە بێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بە گوێرەی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی ئێران، ئەم زیندانییە سیاسییە "لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە چەند خولەک" دادگایی کراوە، ئەمەش بە بێ ئەوەی مافی هەبوونی پارێزەری هەبێت.

مەعروفپوریش کە خەڵکی ناوچەی نەغدەیە، هەروەها لە ساڵی 2021 لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە نووسیویەتی مەعروفپوور بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن کراوە و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانەی دادگادا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

هاووڵاتیانی کورد لە ئێران بە تۆمەتی چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووبەڕووی سزای قورس و لەوان لەسێدارەدان دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە دوو زیندانی عێراقی بە ناوەکانی عەلی نادر عوبێدی و فازڵ شێخ کەریم لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی وڵاتێکی عەرەبی، لەسێدارە دراون.

لەکاتێکدا سەرچاوە فەرمییەکان و میدیاکانی ناوخۆی ئێران ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئەو بابەتە بڵاونەکردۆتەوە، ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆف نووسیویەتی ئەو دوو زیندانییە کە هەردووکیان خەڵکی شاری عەمارەی عێراقن، لەشاری کەرەج دەستبەسەر کراون و ڕۆژی دووشەمەش لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.

تا ئێستا عێراق وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەی نەداوەتەوە.

بەگوێرەی ئاماری ئەو ڕێکخراوەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تا ئێستا هەشت کەس بە تاوانی سیخوڕی لە ئێران لە سێدارە دراون.