ترامپ دەڵێت هیچ پەلەیەکی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ئێران

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند هیچ پەلەیەکی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران.

سەبارەت بە ئاگربەستەکەی ئێستا و ئاسۆی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە وتی "دەبێت تەنگەی هورمز بکەینەوە، دەبێت دەستبەجێ تەنگەکە بکرێتەوە، هەر بۆیە ئەم ڕێگایە تاقی دەکەینەوە."

ترامپ بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنەکانی میدترمی کۆنگرێسی ئەمەریکا و چۆنییەتی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی سەبارەت بە ئێران، وتی "من پەلەم نییە ... پێم باشترە خەڵک کەمتر بکوژرێن."

ئاماژەی بەوەشکرد توڕەیی و نائارامییەکی زۆر لە ئێراندا هەیە، چونکە خەڵک لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین و دەبێت بزانین چی ڕوودەدات.

سەرۆکی ئەمەریکا بە بەراوردکردنی شەڕەکانی ڕابردووی ئەمەریکا لە ڤێتنام و ئەفغانستان و عێراق باسی لەوە کرد کە سەدان هەزار کەس لەو شەڕانەدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ململانێکانی ئەم دواییەدا، وتی تەنها 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەشڵێت ئێران لەناوچووە، شتی سەرسوڕهێنەر دەبینن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ئەو تەواوکردنی ئەرکەکە سەبارەت بە ئێران بۆ ئەو گرنگترە لە دانانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو لە ڕووی کاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی ناوچەیی بۆ ئەوەی دەرفەتێکی نوێ بە پرۆسەی دیپلۆماسی بدرێت.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئێران تەنیا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر نە ڕەنگە پێویست بکات هێرشێکی دیکەی سەربازیی گەورە بکاتە سەر ئێران.

ئێران هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئەوە ڕووبدات وەڵامی توندی دەداتەوە. سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی لە سەدر کردووە بە "شەڕی ناوچەیی" کە ئەگەر جارێکی دیکە هێرش بکرێتە سەر ئێران، "دەرەوەی ناوچەکە درێژ دەبێتەوە".