ئیمارات داوا لە عێراق دەکات پێش بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بگرێت

ئیمارات ڕۆژی چوارشەممە داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە خێرایی ڕێگری لە هێرشەکان کە لە خاکی عێراقەوە بەرامبەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ئەنجام دەدرێن بگرێت.

ئەم داواکاریە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە بە درەون هێرش کرایە سەر وێستگەی کارەبای ناوەکی "بەرەکە"ی ئیمارات.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆیتەرز، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاندووە ئەو درۆنەی کە ڕۆژی یەکشەممە هێرشەکەی پێ ئەنجام دراوە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراوە.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، بانگهێشتی عومەر عەبدولمەجید حەمید ئەلعۆبەیدی، جێگری باڵوێزی عێراقی لە ئەبوزەبی کردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بەو دۆخە دەرببڕن.

ئیمارات هێرشەکان بە تیرۆریستی ناو دەبات و گرووپە چەکدارە عێراقییە هاوپەیمانەکانی ئێران بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکومەتی عێراق بەرپرسەلەوەی کە ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بکات، و داوای "هەنگاوی خێرا و جیدی" کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانە.

ئیمارات هێرشی سەر وێستگە ناوەکییەکەی "بەرەکە" بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە و ژێرخانی وزەی ناوەکی ناو بردووە. تا ئێستا، حکومەتی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەم تۆمەتانەی نەداوەتەوە.