نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق: کۆبوونەوەی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی هەناردەکردنی نەوت و داخستنی تەنگەی هورمز

Zaidi

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای وەزارەتی نەوت لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوت ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی نەوت و دەرەوە و هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی بوون، زەیدی ڕاپۆرتێکی لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت و ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە هاتۆتە ئاراوە، پێگەیشت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پڕۆژە پەیوەندیدارەکانی گاز و ئەو کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنیان کراوە.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی ڕێگاچارەکانی هەناردەکردنی نەوتیان کرد و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کابینە لەوبارەیەوە خرایە ڕوو. هەروەها پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ چەند وڵاتێکی دراوسێ بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت واژۆ کراون.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و بەهێزکردنی ژێرخانی وزەی وڵات لە هەلومەرجە هەستیارەکانی ناوچەکەدا کردەوە.