جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: ئێمە خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت بەڵام هیچ ئاگربەستێک بێ کێشە نابێت

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئاگربەست، جەخت دەکاتەوە لەوەی "بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت" بەڵام هەبوونی پێشێلکاری لە ئاگربەستدا شتێکی نامۆ نییە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ئێمە خەڵکی کوردستانمان خۆشدەوێت؛ هەرکاتێک هێرشی درۆنی یان مووشەکی هەر لایەنێک دەکاتە ئامانج، بەتایبەت خەڵکی مەدەنی، ئەمە بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە کە ئێمە ئارەزووی بینینی بکەین."

ڤانس ڕایگەیاند، بەڵام "ئەمە شتێکە کە هەندێک جار ڕوودەدات. ئاگربەستەکان هەمیشە بێ کێشە نین، هەمان شتمان لە غەززە بینی، وە هەمان پرسیش هەیە لەگەڵ ئێران و دراوسێکانی. بەڵام لە دوایین هەفتەکانی ئاگربەستدا بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە توندوتیژی کەم بووەتەوە."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمی ئێران و گوتی، "هەروەکو سەرۆکیش ئاماژەی پێ داوە، ئەم بابەتە بە یەکێک لەم دوو ئاراستەیەدا دەڕوات: یان شەڕ دەسپێدەکەینەوە، کە ئەمە خواستی سەرۆکی ئەمەریکا نییە؛ یان ڕێککەوتنێک ئەنجام دەدەین، کە ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەمەیە و بەردەوام دەبین لەسەری."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی دا بەوەی واشنتن نایەوێت تەنها ئێران پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە بەوەی ئامانجی دروستکردنی چەکی ناوەکی نییە، بەڵکو دەیەوێت دڵنیا ئەوە بەدەست بهێنێت کە ئێران نەتوانێت توانای ئەتۆمی خۆی بونیاد بنێتەوە، تەنانەت چەندین ساڵ دوای سەرۆکایەتی ترامپ.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئیدارەی ترامپ پێشکەوتنی گەورەی لە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە دەست هێناوە و هیچ کام لە لایەنەکان نایانەوێت کردەوەی سەربازی دەست پێ بکەنەوە.

گوتیشی، "دەتوانین دەست بە چالاکییە سەربازییەکان بکەینەوە، بەڵام ئەمە ئەو شتە نییە کە ترامپ لەگەڵ ئێران دەیەوێت."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانی بە وڵاتێکی "زۆر ئاڵۆز" ناوبرد. جەختیشی کردەوە "ئێمە ڕێکەوتنێک قبوڵ ناکەین کە ڕێگە بە ئێرانییەکان بدات چەکی ناوەکی بەدەست بهێنن."

گوتی، "پێموایە ئێران دەیەوێت ڕێککەوتنێک بکات، بەڵام هەتا ئەو ڕێککەوتنە واژۆ نەکەین، دڵنیا نین."