ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر دەیان کۆمپانیا و کەشتی پەیوەست بە ئێرانەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن لە درێژەی هەڵمەتی "زۆرترین گوشاری ئابووری" دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، چەندین شوێنی ئاڵوگۆڕی پارە، کۆمپانیاکانی سێبەر و19 کەشتی پەیوەندیدار بە دەربازبوون لە سزاکان و گواستنەوەی داهاتی نەوت و پترۆکیمیای ئێرانی سزاداوە.

ئەم هەواڵەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ئەوروپا و ئاسیا کرد زیاتر کار بکەن بۆ تێکدانی تۆڕە داراییەکانی ئێران.

وەزارەتەکە سزای خستوەتە سەر شوێنێکی ئاڵوگۆڕی پارە بە ناوی ئەمین ئێکسچێنج کە بنکەکەی لە ئێرانە و ڕایگەیاندووە ئەو شوێنە تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمپانیای سێبەری لە چەندین وڵات، لەوانە ئیمارات و تورکیا و هۆنگ کۆنگ هەیە.

هەروەها ئەمەریکا 19 کەشتی خستۆتە لیستی سزاکانەوە کە واشنتن دەڵێت دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمی پترۆکیمیایی ئێران بۆ کڕیارانی بیانی.

وەزارەتی خەزێنە ڕایگەیاندووە، شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی پارەی ئێران ساڵانە بە ملیارەها دۆلار مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بەڕێوەدەبەن، ئەمەش یارمەتی حکومەتی ئێران دەدات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و دەستڕاگەیشتنی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی..

هەروەها فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی ئەمەریکا (OFAC) سزای بەسەر هەشت کۆمپانیا سەپاندووە کە بنکەکانیان لە ئیمارات و چین و هۆنگ کۆنگن و بە وتەی خۆی هاوکاری ئەمینیان کردووە.