فەرماندەی سێنتکۆم سەبارەت بە بوردمانی قوتابخانەیەک لە ئێران: بنکەیەکی مووشەکی لە ژێر قوتابخانەی کچانی ئێراندا بووە

فەرماندەی سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە بە کۆنگرێسی ڕاگەیاند لێکۆڵینەوەی سەربازیی ئەمەریکا سەبارەت بە تەقینەوەکەی قوتابخانەیەکی کچان لە ئێران (قوتابخانەی میناب) "ئاڵۆز"ە.

کووپەر هۆکاری ئەو ئاڵۆزیەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بنکەیەکی مووشەکی چالاکی ئێران لە ژێر ئەو قوتابخانەیەدا بوونی هەبووە.

ڕۆیتەرز پێشتر بڵاویکردبووە کە هێزە ئەمەریکاییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە رووداوی تەقینەوەی قوتابخانەی سەرەتایی میناب.

ئەم ڕووداوە لە 28ی مانگی دوودا ڕوویداوە، کە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی بوو. بە وتەی بەرپرسانی ئێرانی، 168 منداڵ لەو رووداوەدا کوژراون کە زۆربەیان کچ بوون.

کووپەر لە شایەتحاڵی خۆیدا بە ئەندامانی کۆنگرێسی وت "لێکۆڵینەوەکە ئاڵۆزە بەهۆی ئەوەی قوتابخانەکە لە ناوچەیەکی سەربازیی چالاکدا بووە، کە بنکەیەکی مووشەکی کرووز بووە."

تا ئێستا، وردەکاریی زیاتری لێکۆڵینەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.