وەزیرانی دارایی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان، دوای دوو ڕۆژ لە وتووێژ لە پاریس لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە، بە ئاماژەدان بەو ئاستەنگە زۆرانەی کە ڕووبەڕووی ئابووری جیهان دەبنەوە، داوای "گەڕانەوەی خێرا بۆ تێپەڕبوونی ئازاد و پارێزراو"ی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن.
سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی لە کۆبوونەوەکەدا "گفتوگۆی بنیاتنەر"ی لەسەر ئێران، کانزا گرنگەکان، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ناهاوسەنگی جیهانی هەبووە.
دوای دەرکردنی بەیاننامەی کۆتایی، وەزیری دارایی فەرەنسا دانی بەوەدانا کە دوو ڕۆژەی دانوستانەکانی نێوان وەزیرانی گروپی حەوت "هەندێکجار قورس" بووە، هەرچەندە لە کۆتاییدا گروپەکە لەسەر بەیاننامەیەک ڕێککەوتوون کە بەڵێنی هاوکاری فرەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی مەترسییە ئابوورییە گەشەسەندووەکانی لەخۆ گرتووە.
لە بەیاننامەی کۆتایی وەزیرانی گرووپی حەوتدا هاتووە "پابەندبوونمان بە هاوکاریی فرەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکانی بەردەم ئابووری جیهانی دووپات دەکەینەوە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "پرسی جیهانیی ئاڵۆزە و فرە هەیە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی هاوئاهەنگ هەیە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "نادڵنیایی ئابووری لە نێوان ململانێی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسییەکانی لەسەر گەشەی ئابووری و هەڵاوسان زیاد کردووە."
لە بەیاننامەکەدا بە تایبەتی ئاماژە کراوە بە "فشارەکان لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی وزە، خۆراک و پێو، کە بە تایبەتی کاریگەری لەسەر وڵاتانی لاواز هەیە."