ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی حزبوڵای لوبنان

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا دەیان کۆگای چەک و موشەکهاوێژی حزبوڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایانگەیاند زیاتر لە 25 بنکەی حزبوڵایان لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان بۆردومان کردووە.

دەشڵێن، "بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنانەوە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سوپای ئیسرائیل."

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵا بەردەوام بووە.

هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن جارێکی تر کۆبوونەوەیەکیان بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئەنجام دا بۆ درێژەدان بە دانوستانەکانی ئاشتی.