وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ناتوانین رێگە بدەین ئێران بازرگانی نێودەوڵەتی بە بارمتە بگرێت

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئیڤێت کووپەر لە کۆنفرانسی "هاوبەشیی جیهانی" کە 19ی مانگی پێنج لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو، ، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لەو قەیرانانەی کە لە ئاکامی داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە هاتوونەتە ئاراوە وتی "چیدیکە ناتوانین چاوەڕێ بکەین تا ئەو تەنگەیە بکرێتەوە."

کووپەر هۆشداری دا کە "جیهان بە ئارامی بەرەو قەیرانێکی گەورەی خۆراک هەنگاو دەنێت." و زیادی کرد ئەوان ناتوانن ڕێگە بدەن "دەیان ملیۆن مرۆڤ برسێتی بکێشن تەنها بۆ ئەوەی یەک وڵات رێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە بارمتە گرتووە."

ئەو هەروەها داوای کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز بەشێوەیەکی بێ سنوور و خێرا بە مەبەستی ئاسانکردنی گواستنەوەی شمەک و کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ژیانی خەڵک کرد.

کووپەر ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی ئەرکێکی نێودەولەتی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز کرد و وتی " بەردەوام دەبین لە پێشەنگایەتی بانگەشەکان بۆ کردنەوەی خێرا و بێ سنووری تەنگەی هورمز و هەروەها پەرەپێدانی پلانەکانی هێزی هاوبەشیی چەند نەتەوەیی بۆ ئەو تەنگەیە."

بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم قەیرانە تەنها وڵاتانی هەژار ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی پێشکەوتوو و هەروەها کەرتەکانی تایبەت و گشتیش دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە.

کووپەر پێشتر لە 2ی مانگی چوار، لە کۆنفرانسێک بە بەشداری زیاتر لە 40 وڵات و دامەزراوە وەکوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی، داخستنی تنگەی هورمزی لەلایەن ئێرانەوە وەکوو "هەڕشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئابووری جیهانی" ناوبردبوو.