ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران لە ساڵی 2025دا ژمارەیەکی "بێوێنە"ی خەڵکی لەسێدارەداوە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە 18ی مانگی پێنج لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئێران لە ساڵی 2025دا ژمارەیەکی بێ وێنەی خەڵکی لەسێدارە داوە کە بریتییە لە دوو هەزار و 159 کەس و ئەمەش وایکردووە ڕێژەی جیهانی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی 1981ەوە تا ئێستا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی، هەڵکێشێت.

لە ساڵی 2025دا لە کۆی حەڤدە حکومەتی جیهان، 2707 کەس لە سێدارە دراون کە 2159یان لە ئێران بوون و ئەمەش نزیکەی 80%ی کۆی گشتی پێک دەهێنێت.

ئامارەکانی ئێران بە بەراورد بە ساڵی پێشتر هەڵکشاون. لە ساڵی 2024دا 972 کەس لە ئێران لە سێدارە درابوون.

ئەم ئامارانە تەنیا تایبەتن بەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی لە دادگاکان فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی دادگا و لەسەر شەقامەکان کوژران.

لە کۆی ئەو ژمارەیەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ کردووە، 33 کەسیان بە تۆمەتی ''هاوکاری لەگەڵ دوژمن'' فەرمانی مەرگیان بەسەردا سەپێندراوە و تۆمەتی هاووکارییان لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دراوەتە پاڵ.

بەڵام ئەم ژمارەیەی لەسێدارەدان چین ناگرێتەوە و ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە "هەزاران لەسێدارەدان" لە چین ئەنجامدراون کە گەورەترین بەکارهێنەری سزای لەسێدارەدانن لە جیهاندا، بەڵام وردەکارییەکان ڕوون نین بەهۆی "نهێنی داتاکانی حکومەت" لە وڵاتەدا.

شایەنی باسە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەزاران هاووڵاتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی مەیدانی لە کاتی خۆپیشاندانەکان کوشت و ئەم ژمارانە بەشێک نین لە ئامارە فەرمییەکانی تایبەت بە لە سێدارەدان.