پاپای ڤاتیکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە

نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی دووشەممە لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەهەم کۆبووەوە؛ کۆبوونەوەیەک کە تیایدا جەخت لەسەر گرنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و پێکەوە ئایندەی وڵات بنیات دەنێن.

هەروەها بارزانی ڕۆڵی ڕۆحی و مێژوویی ڤاتیکانی لە بەرەوپێشبردنی دیالۆگ و پێکەوەژیان و نزیکی نێوان گەلان و ئایینەکان لە جیهاندا بەرز نرخاند و بە فاکتەری گرنگ بۆ بەهێزکردنی بەها مرۆییەکانی زانی.

لە بەرامبەردا پاپا لیۆ چواردەهەمیش خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە داڵدەدان و پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان، قوربانیانی توندوتیژی، و مەسیحییەکان لە کاتە سەختەکانی هەرێمدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە بارودۆخی گشتی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ئێستا کرد، هەروەها جەختیان لە هیوای خۆیان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و سەرفرازی بۆ هەموو نەتەوەکان و مرۆڤایەتی کردەوە.