ڕۆیتەرز: پاکستان هەشت هەزار سەرباز، فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی سعودیە دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووەتەوە پاکستان هەشت هەزار سەربازی لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی سعودیە کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەیمانی بەرگری لەگەڵ سعودیە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو هێزانە بۆ پاڵپشتیکردنی سعودیە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە جێگیرکراون.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی سوپا و وەزارەتی دەرەوەی پاکستان و نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی سعودیە وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە.

ساڵی ڕابردوو سەرکردەکانی هەردوو وڵات پەیماننامەی بەرگرییان لە نێوان سعودیە و پاکستان واژۆکرد، بەڵام وردەکاری تەواوی ڕێککەوتنەکە نهێنییە.

بەڵام پاکستان و سعودیە ڕایانگەیاندووە ڕێککەوتنەکە هەردوولا پابەند دەکات بە بەرگریکردن لە یەکتر لە ئەگەری هێرشکردنە سەر هەریەک لە وڵاتەکان.

ئەم جووڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە پاکستان وەک ناوبژیوانێک لە نێوان تاران و واشنتۆن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.