وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تاران دەکات بەهیوای ڕێگریکردن لە داڕمانی دانوستاندنەکانی ئەمەریکا و ئێران

ڕۆژنامەی داونی پاکستانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی وڵاتەکەوە ڕایدەگەیەنێت، گەشتە لەناکاوەکەی موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو وڵاتەدایە بۆ زیندووکردنەوەی وتووێژە چەقبەستووەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکە، نەقوی بە سەردانێکی دوو ڕۆژە و ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران، گەشتێک کە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە بەشێک لە دیپلۆماسیەتی بەردەوامی ئیسلام ئاباد بۆ ڕێگریکردن لە "داڕمانی تەواوەتی" دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران وەسفیان کردووە.

باڵیۆزخانەی پاکستان لە تاران، ڕایگەیاندووە هەر ئەمڕۆ نەقوی بۆ ماوەی 90 خولەک لەگەل سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیاندا کۆبووەتەوە.

ڕۆژنامەی داون نووسیویەتی ئەم هەوڵانە چڕتربوونەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوایین وەڵامی تارانی بۆ پێشنیارەکانی واشنتۆن ڕەتکردەوە و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە خولەکانی پێشووی وتووێژەکانی ئیسلام ئاباددا بەدەستهێنرابوو، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.

بڕیارە وەزیری ناوخۆی پاکستان لەم سەردانەیدا چاوی بە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەوان ئەسکەندەر موئمنی وەزیری ناوخۆی ئێران بکەوێت.

بەگوێرەی داون، دانوستانەکان نەک تەنیا بابەتی ئاسایشی و سنووری دوولایەنە دەگرێتەوە، بەڵکو پەرەسەندنی بەرفراوانتر لە ناوچەکە و هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی کەناڵەکانی نێوەندگیری نێوان ئەمەریکا و ئێرانیش دەگرێتەوە.