لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا، تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی پێشووی ڕژێمی ئەسەدی کرد کە بە تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکان تۆمەتبار کراون.
ئەو ئەم هەنگاوەی بە بەشێکی گرنگ بۆ دڵنیابوون لە بەرپرسیارێتی و کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا ناودێرکرد.
برووس گوتی "سەرۆک ترامپ و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەلی سوریادان بۆ پشتگیری لە دادپەروەریی ڕاستەقینەی قۆناغی گواستنەوە و چەسپاندن ی یاسا لە سوریا."
ئەو ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی ئەو کاربەدەستانەی سەردەمی ئەسەد کرد کە بە تاوان لە دژی هاووڵاتیانی سوریایی تۆمەتبارن و ئەو کارەی وەک "هەنگاوێکی بەهێز بەرەو دوورکەوتنەوە لە دەربازبوون لە سزا و نزیکبوونەوە لە بەرپرسیارێتی" ناودێرکرد.
ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوخەمی خۆی لەگەڵ قوربانیانی دڕندەیی ڕژیمی ئەسەد دەربڕی و داوای لە حکومەتی نوێی سوریا کرد هاوکاری میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بکات، لەوانەش میکانیزمی نێودەوڵەتی بێلایەن و سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی دادپەروەری و بەرپرسیارکردن.
برووس هەروەها سەرنجی خستە سەر دۆخی سەدان هەزار کەسووکاری ونبووەکان و وتی " هەروەها دەزانین کە سەدان هەزار خێزانی سوریایی، لەگەڵ زۆر خێزانی ئەمەریکایش، هێشتا سەبارەت بە کەسووکاری ونبووی خۆیان چاوەڕێی وەڵام دەکەن. بۆ ئەوەی بەرەوپێش بچین و بەڕاستی دەست بە چاکبوونەوەی سوریا بکەین، پێویستە سورییەکان کۆتایی بەم بەشەش بهێنن."
ئەو هەروەها هانی دەسەڵاتدارانی سوریای دا هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک "دامەزراوەی سەربەخۆ بۆ کەسانی ونبوو" بکەن، بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی وەڵام و پشتگیری لە چارەسەری نیشتمانی بدرێت.